چوارڕێکەوتن
پێناسە :

دۆن میگێل ڕویز لە ساڵی ١٩٥٢دا لە خێزانێکی گەورە و لە دایك و باوکێکی پزیشك لە گوندەکانی مەکسیك ھاتۆتە دنیاوە. بچووکترین منداڵی خێزانەکەی بووە، کە لە پانزە ئەندام پێک ھاتووە. دەرچووی کۆلێژی پزیشکی بووە لە شاری مەکسیکۆ. میگێل ژیانی ئاساییی خۆی ژیاوە تا ئەو دەمەی دووچاری ڕووداوێکی ھاتوچۆ بووە، لەپاش ئەو ڕووداوەوە بۆ ھەمیشە ژیانی گۆڕاوە، ئیدی بڕیاری داوە واز لە پیشەی پزیشکی بهێنێت و بەدوای مانای ڕاستەقینەی ژیان و مرۆڤایەتیدا بگەڕێت. بە یارمەتیی دایکی، ئەو ڕێگایەی دۆزیوەتەوە کە بەرەو ھۆشیاریی بردووە و ھەر بەو ھۆیەشەوە توانیویەتی تێگەیشتنێکی قووڵی سەبارەت بەم گەردوونە فیزیکییە و جیھانی ڕاستەقینەی مێشك لەلا دروست ببێت.

میگێل نووسەری زنجیرە کتێبی حیکمەتی تۆڵتێکەکانە، کە لە چەند بەرگێکی جیاواز پێک ھاتووە بە ناوەکانی چوار ڕێککەوتن، لێھاتووییی خۆشەویستی، دەنگی مەعریفە، بازنەی ئاگر، ڕێککەوتنی پێنجەم. تۆڵتێکەکان مامۆستای تەلارسازی و ھونەر و پزیشکی و ئەندازیاری بوون، کەسانی زۆر دیندار بوون و باوەڕێکی پتەویان بە قوربانیدانی مرۆڤ ھەبووە، پایتەختەکەیان ناوی توڵا بووە و كەوتۆتە ویلایەتی ھیداڵگۆوە لە مەکسیك. تۆڵتێکەکان نەریتێکی تایبەت بە خۆیان ھەبووە، کە لە ساڵانی دواتردا بە فەلسەفە و شێوازێکی نوێی ژیان ناسراوە، کە مرۆڤەکان فێر دەکات چۆن لە ماوەی ژیانیاندا بڕیارە دروستەکان بدەن، ھەر ئەو بڕیارانەی دەبێتە ھۆی ئەوەی بەختەوەری و شادی ڕوویان تێ بکات.

کتێبی چوار ڕێککەوتن بۆ یەکەمین جار لە ساڵی ١٩٩٧دا بڵاو کراوەتەوە، کە لە ڕیزبەندیی سیوشەشەمین پڕفرۆشترین کتێبی جیھانە و لە سەرانسەری جیھاندا زیاتر لە شەش ملیۆن کۆپیی لێ فرۆشراوە و بۆ ٤٠ زمانی جیاواز وەر گێڕدراوە. میگێل ھەوڵی داوە لە ڕێگەی کتێبەکانیەوە جیھان ئاشنا بکات بە حیکمەتی تۆڵتێکەکان و تەواوی ژیانی خۆی تەرخان کردووە بۆ ئەم مەبەستە و گەیاندنی پەیامەکەی. ئەم کتێبە لە حەوت بەشی سەرەکی پێک دێت و لەم کتێبەدا میگێل ھەوڵ دەدات مرۆڤ بگەیەنێتە ئەو ئاستەی بوون، کە تێیدا درک بە مانای ڕاستەقینەی ژیان دەکات و ئاشتیی ناخ ئازموون دەکات و دەرباز دەبێت لە ھەموو ئەو کۆت و پێوەندانەی دابونەریت و قسەی سەپێندراوی چواردەورەکەی بۆیان دروست کردووە. نووسەر ھەوڵ دەدات ئەو توانا و بوێرییەمان تێدا بچێنێت کە بۆ زاڵبوون بەسەر بیروباوەڕە چەوت و نەخوازراوەکانی خۆماندا پێویستە، ھەمان ئەو بیروباوەڕانەی ڕێگریمان لێ دەکات بە خەون و ئامانجەکانمان بگەین و ھاوشێوەی بەربەستێکی گەورە ڕێگری لە ئازادبوون و خۆبوونمان دەکات.

کتێبی هاوشێوە

ژماردنی کۆمێنتەکان : 0

+